top of page
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg

کاریگەریی دابڕی پەیژەی باڵەخانە لەسەر ئاسوودەییی دانیشتووانەکەی سیستەمی ”شۆک ترۆنسۆڵ“ و وردەکارییەکانی

Updated: Mar 29


 

لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، تەلارسازی یەکێک بووە لەو بەشە ئەندازیارییانەی کە پێوەندیی بە ئاسوودەییی بەکارهێنەرانەوە هەبووە و کاری کردووە بۆ دابینکردنی بەرزترین ئاستی ئاسوودەیی بۆ دانیشتووانی هەر بینایەک. ڕەنگە ئێمە بینایەکە وەکوو یەک یەکەی گەورە ببینین و لە ڕوانگەیەکی فراوان و هەمەلایەن و لە خاڵێکی دوورەوە کێشەکان ببینین؛ بەڵام زۆربەی کات کێشەکە لە بچووکترین وردەکارییەکانی بیناکە دەبێت کە بەزۆری گرنگیی پێ نادەین، جگە لەو کاتەی کە هەست بە کاریگەرییەکانی بکەین. وەکوو دەڵێن: ” شەیتان لە وردەکارییەکاندایە.“

بۆیە ئاسوودەییی بەکارهێنەر تەنیا ئەوە نییە کە لە ژووری گەورە و خۆرگیر بژێت یان خزمەتگوزاریی خێرا و بەردەوامی هەبێت، یان جەستەی هەست بە کەرەستەی کوالێتی‌بەرز بکات کە بە دەستلێدان ئاسوودە بەرکەوتبێت، بەڵام لەوانەیە یەکێک لە کێشەکانی ژیان، ژاوەژاو و نەبوونی شوێنێکی ئارام بێت کە مرۆڤ بتوانێت تێیدا پشوو بدات. هەروەها ڕەنگە یەکێک لە هۆکارە باوەکانی ژاوەژاو لەناو هەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون یان خانوویەکدا، دەنگی هەنگاوەکان بێت لەسەر پایەکانی پەیژەی بیناکە لە کاتی هاتوچۆکردن بەسەریاندا. ئەم هەنگاوانە دەنگەکە لە ڕێگەی لەرزینەکانی ئەرزییەوە لە پەیژەکانەوە بۆ دیوارەکان و پاشان بۆ ژوورەکانی تەنیشت خۆی دەگوازرێتەوە. ئەمەش کێشەیەکی باوە لە زۆربەی بیناکان بەتایبەت بیناکانی نیشتەجێبوون و بەتایبەتتر لە باڵەخانەکانی هەرێمی کوردستان وعێراقدا.

ناتوانین نکۆڵی لەوە بکەین کە پەیژەکان ئامرازی سەرەکیی گواستنەوەی ستوونين لەناو هەر بینایەکدا تەنانەت لەگەڵ بوونی بەرزکەرەوەی کارەبایی١ و ئامرازەکانی تری گواستنەوە، وەکوو سەلامەتترین و جێگیرترین ئامراز دەمێننەوە بەتایبەت لە حاڵەتە نائاسایییەکان و قەیرانەکاندا بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئەڵمانیا کۆمپانیاکان دەستیان کردووە بە داهێنانی چارەسەری کردەیی و لۆژیکی بۆ دابڕینی دەنگی هەنگاوەکان کە لە ئەنجامی سەرکەوتن بەسەر پەیژەکاندا دێتە ئاراوە و ناهێڵن بگوازرێتەوە بۆ ژوورەکان. یەکێک لەو کۆمپانیایانە، کۆمپانیای ”شۆک Schöck“ــە کە چارەسەرێکی تایبەتی دەنگیی داهێناوە، ئەویش سیستەمێکە بۆ پەیژەکان کە پێی دەوترێت ”ترۆنسۆل Tronsole“. ئەو سیستەمە کار دەکات بۆ جیاکردنەوەی پەیژەکان بە هەموو بەشەکانی پایەکان و سەکۆوە٢ لە بەشەکانی تری بیناکەدا. ئەم بابەتە تیشک دەخاتە سەر بیرۆکەی دابڕ یاخۆ ئیزۆلەیتەر لەم سیستەمەدا و چۆنیەتیی بەکارهێنانی بە کردەوە، بەڵام ئەگەر تۆی خوێنەری ئازیز دەتەوێت وردەکاریی زیاتر دەربارەی پرۆسەی بیناسازی و حیساباتەکانی ببینیت، دەتوانیت سەردانی ماڵپەڕی کۆمپانیاکە بکەیت (کە لە کۆتاییی بابەتەکەدا ئاماژەی پێ کراوە.)



سیستەمی ”ترۆنسۆڵ“ بریتییە لە دابڕ یاخۆ ئیزۆلەیتەری دەنگی کە لە چەند شوێنێکی پێکگەیشتنی پەیژە بە پێکهاتەکانی بیناکە دادەنرێت یان لەو شوێنانەی کە بەشەکانی پەیژە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە. سیستەمی ترۆنسۆڵ بەتەواوی لە چەند بەشێک پێک دێت و پێیان دەوترێت جۆر یان مۆدێل (types)، ئێستاکە سیستەمەکە حەوت مۆدێل دابین دەکات کە لە شوێنی دیاریکراو لە پەیژەکان بەکار دێن. 

جۆری ”T“ (type T): توخمێکی دابڕی دەنگە کە پایەکانی پەیژە و سەکۆ یان بانی کۆنکریتی٣ بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دەتوانرێت لە کاتی هەبوونی پەیژەی کۆنکریتی لە جۆری سایت-کاست کە لەسەر سایتی پرۆژەکە دروست دەکرێت یان جۆری پریکاست (واتا پێشوەختە دروستكراو) بەکار بهێنرێت. هەر وەک لە وێنەکەدا دیارە، پێک هاتووە لە پلێتێک کە چەند چینێکی هەیە وەکوو دابڕێک لەنێوان پایەکان و سەکۆ یان بانی کۆنکریت کار دەکات. ئەم پلێتە، لەلایەک لە ڕێگەی شیشی ئاسنەوە بەستراوە بە شیشەکانی کۆنکریتیی سەکۆکە یان بانی کۆنکریتەکە، لەلایەکی دیکەوە چەند هەڵگرێک هەیە (کە چینێکی دابڕی دەنگییان لەسەرە) کە شیشی ئاسنی پایەکان هەڵدەگرن، بەم شێوەیە دوو کۆنکریتەکە لە یەکتر جیا دەکرێنەوە.




جۆری ”F“ (type F): هەر وەک جۆری ”T“ توخمێکی دابڕی دەنگە کە پایەکان و سەکۆ یان بانی کۆنکریت بەیەکەوە دەبەستێتەوە؛ بەڵام زیاتر لە حاڵەتی هەبوونی پایە و سەکۆ یان بانی کۆنکریتیی پێشوەختە دروستکراو (پریکاست) بەکار دەهێنرێت؛ کە لێوارەکانی ئەم بەشانە دەبێت پێشوەختە بە شێوەیەکی دیاریکراو ببڕدرێن یان ئامادە بکرێن بۆ ئەوەی لەگەڵ شێوەی جۆرەکەدا بگونجێن. ئەم جۆرە پێک دێت لە پەڕەیەکی فۆمی ”پۆلی-ئیتیلێن Polyethylene Foam“ کە دوو جار تاو دراوە و بە لێوارەکانی بەشەکانی پەیژەکە بەستراوەتەوە، هەر وەک لە وێنەکەدا دیارە بەم شێوەیە ئیزۆلەیتەرێک بۆ ئەو لەرزینانە دروست دەکات کە دەنگ بەسەر زەویی پەیژەکەدا دەگوازنەوە.



جۆری ”Q“ (type Q): توخمێکی دابڕی دەنگە کە پەیژەکان و دیوارەکانی هەڵگری پەیژەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دەتوانرێت بەکار بهێنرێت ئەگەر پەیژەکان لە جۆری سایت-کاست یان پریکاست بن، هەروەها ئەگەر دیوارە هەڵگرەکانی دیواری ئاسایی دروست کرابن (لە بلۆک یان خشت)، یان دیواری کۆنکریتی بن. ئەم جۆرە لە سێ بەشی سەرەکی پێک هاتووە. بەشی یەکەم کە بنکەی سندووقییە و دەچێتە ناو دیوارەکە و دەوری بەشی دووەم دەدات کە بەشە هەڵگرەکەیە، کە پارچەیەکی پۆڵایە و قورساییی پەیژەکان هەڵدەگرێت. بەشی سێیەمیش ڕووپۆشێکە بۆ بەشی دووەم و بەستراوەتەوە بە چەند شیشێک کە دەچنە ناو پەیژەکە و بەستراونەتەوە بە شیشەکانی کۆنکریتیی پەیژەکەوە. ئەم مۆدێلە دەتوانرێت بەکار بهێنرێت ئەگەر پەیژەکە لە جۆری خولگەیی بێت یان پەیژەکە بێ سەکۆ بێت. بەو پێیەی بەشی دووەم کە قورسایییەکان هەڵدەگرێت دەتوانرێت بخولێتەوە بە جۆرێک کە لەگەڵ گۆشەی لاری پەیژەکەدا بگونجێت و دیار نەبێت. بەم شێوەیە پەیژەکە لەلایەن دیوارەوە هەڵدەگیرێت و لە هەمان کاتدا لێی دادەبڕێت.



جۆری”Z“ (type Z): ئەمەش توخمێکی دابڕی دەنگە کە سەکۆی پەیژەکە و دیوارەکانی هەڵگری پەیژەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە. وەک چۆن لە مۆدێلی ”Q“ــدا هەیە، دەتوانرێت لە حاڵەتی پەیژەی سایت-کاست یان پریکاستدا بەکار بهێنرێت، یان ئەگەر دیواری هەڵگری پەیژەکە بە جۆرێکی ئاسایی دروست کرابێت یان دیوارێکی کۆنکریتی بێت. دەتوانرێت وەکوو پردێکی بچووکی کۆنکریتی هەژمار بکرێت کە لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتووە کە بریتین لە بنکەی سندووق کە دەچێتە ناو دیوارەکەوە و دەوری بەشە هەڵگرەکە دەدات کە بەشی دووەمە و تۆڕێکی شیشی ئاسنە و دەچێتە ناو پەیژەکە وبە شیشەکانی کۆنکریتیی پەیژەکەوە دەبەسترێتەوە. بەم شێوەیە دەتوانرێت سەکۆیەکە لە دیوارەکان جیا بکرێتەوە و لە هەمان کاتدا هەڵگری بەشەکانی تری پەیژەکە بێت.



  جۆری ”B“ لەگەڵ ”D“ (type B with D): ”B“ لەگەڵ ”D“ دوو توخمی دابڕی دەنگن کە پەیژەکە و بانی ئەرزی بەیەکەوە دەبەستنەوە. جۆری ”B“ پەڕەیەکی ”پۆلی-ئیتیلێنە“ و لەنێوان بان و پایەی یەکەم دانراوە، بەم شێوەیە لەرزینەکانی پایەکان لە زەوییە کۆنکریتیەکەی جیا دەکرێتەوە. جۆری ”D“ بریتییە لە شیشێکی پۆڵا کە لە چەند چینێک پێک هاتووە و کۆنکریتی پایەکان و بانی ژێرەوەی بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ڕێگری لە جووڵەی پەیژەکە دەکات لە کاتی جووڵە یان لەرزینی بیناکەدا. لە هەمان کاتدا تایبەتمەندیی دابڕی دەنگی سیستەمەکە دەپارێزێت. ئەم دوو جۆرە دەتوانرێت بەکار بهێنرێن ئەگەر پەیژەکە سایت-کاست یان پریکاست بێت.



جۆری ”L“ (type L): مۆدێلی ”L“ دوا مۆدێلی سیستەمەکەیە و توخمێکە بۆ جیاکردنەوەی تەواوی پەیژەکە بە هەموو بەشەکانییەوە لە دیوارەکاندا. بەو پێیەی مۆدێلەکانی پێشوو پەیژەکەیان هەڵگرتووە بەبێ ئەوەی پێویست بکات پەیژەکە و بەشەکانی بخەنە ناو دیوارەکانەوە، ئەمەش مانای ئەوە دەدات کە بۆشایییەک لەنێوان لێوارەکانی پەیژەکە و دیوارەکانی تەنیشتیدا هەیە، لێرەشدا ڕۆڵی ئەم مۆدێلە دێتە ئاراوە کە لە پەڕەیەکی ”پۆلی-ئیتیلێن“ دروست کراوە، چونکە ئەم بۆشایییە پڕ دەکاتەوە و پەیژەکە بەتەواوی لە دیوارەکان جیا دەکاتەوە. بەم شێوەیە ئەو لەرزینانەی لە هەموو بەشەکانی پەیژەکەوە کە دەگوازرێنەوە بۆ دیوارەکان زۆر کەم دەبنەوە.



لەناو سیستەمی ترۆنسۆڵدا دەبێت زیاتر لە جۆرێک یان مۆدێلێک لە یەک پەیژەدا بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کارا دەنگ لە ژوورەکانی دەوروبەری جیا بکرێتەوە. لەبەر ئەوەش، بۆ هەر حاڵەتێکی دیاریکراو دەبێت ئەو جۆرانە هەڵبژێردرێن کە لەگەڵ بارودۆخ و شێوە و شوێنی پەیژەکەدا دەگونجێن؛ بۆ نموونە کاتێک پەیژەیەکی ڕاست و لە شوێنی خۆی کاست دەکرێت، پێویستە مۆدێلی ”Z“ بەکار بهێنرێت بۆ هەڵگرتنی قورساییی پەیژەکە و بەستنی بە دیوارەکانی تەنیشت خۆی، هەروەها  بەکارهێنانی مۆدێلی ”T“ بۆ بەستنی پەیژەکە بە بانی ئەرز و سەقفەوە، هەروەها پێویستە مۆدێلی ”L“ بەکار بهێنرێت بۆ دابڕکردنی٥ ڕۆخەکانی پەیژەکە لە دیوارەکانەوە؛ بەڵام ئەگەر پەیژەکە لە بەشی پریکاست یان پێشوەختە ‌دروستکراو پێک هاتبێت، ئەوا دەتوانرێت جۆری ”F“ بەکار بهێنرێت بۆ بەستنەوەی پایەکانی پەیژەکە بە سەکۆ و بانی سەقفەکە، هەروەها دەتوانرێت جۆری ”B“ و ”D“ بەکار بهێنرێن بۆ بەستنەوەی پەیژەکە بە بانی ئەرزەوە. ئەگەر پەیژەکە بەردەوام بێت یان خولگەیی بێت بەبێ هیچ سەکۆیەک، دەبێت مۆدێلی ”Q“ بە گۆشەیەکی دیاریکراو بەکار بهێنرێت بۆ ئەوەی قورساییی پەیژەکان هەڵبگرێت و بیگوازێتەوە بۆ دیوارەکان.



دوای پێداچوونەوە بە هەموو وردەکارییەکانی پێوەست بەم سیستەمە، ڕەنگە کۆمەڵێک پرسیار بێتە مێشکی هەر کەسێکی دوور لە سیستەمی بیناسازیدا، یان تەنانەت بۆ مێشکی ئەندازیاران و دیزاینەرانی بیناسازی؛ ئایا بەڕاستی پێویستمان بەم سیستەمە هەیە لە هەرێمی کوردستان؟ ئایا دەتوانرێت بە شێوەیەکی کردەیی لەسەر زەوی بەکار بهێنرێت؟ ئایا سیستەمێکی کاریگەرە کە بتوانێت لە ڕووی ژاوەژاوەوە جیاوازی دروست بکات؟ ئایا تاکە چارەسەرە بۆ کێشەیەکی وا ورد لە باڵەخانەکاندا؟

ئەم پرسیارانە بە شێوەیەکی ڕووکەش و لە ڕوانگەی تاکە کەسییەوە وەڵام نادرێنەوە، بۆیە دەبێت سوود وەربگیرێت لە سەرچاوەی زانستی و واقیعی لە کاتی وەڵامدانەوەیاندا. لێرەوە لێکۆڵینەوە و ئەزموونی کردەیی دێن لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەدا. بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن ”د. شوکر قەرەنی“ لەزانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر لەسەر پیسبوونی ژاوەژاوی ناو شاری هەولێر ئەنجام دراوە، ئەنجامەکان مژدەی هەبوونی ئاسوودەیی یان فەزای ئازاد لە ژاوەژاودا نەبووە، تەنانەت لەو ژوورانەی کە مرۆڤ زۆربەی کاتەکەی لەناو دەبات وەکوو هۆڵ و ژووری نووستن کە لە خانوویەک لە ”شاری مامۆستایان“ (کە وەک نموونەی ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی ناو شاری هەولێر و هەر وەک بەشێک لە توێژینەوەکە وەرگیرا) خوێندنەوەکان سنووری پەنجا دیسیبێڵیان٤ تێ پەڕاند و هەندێک جار دەگەیشتنە پەنجا و نۆ دیسیبێڵ. لێکۆڵینەوەکان هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ ئەو کەرەستانەی بۆ دابڕکردن و ڕووکەشکردن لەم بینایانەدا بەکار هێنراون و بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری دووەم، پێویستە سەیری بازاڕی کار لە شارەکانی عێراقدا بکرێت کە سەدان ڕێکخراو وکۆمپانیای نوێ لە بواری بیناسازی و عەزلدا هەن و بە خێرایییەکی زۆر زیاد دەبن. دەتوانرێت جیاوازییە بەرفراوانەکە ببینرێت بە بەراوردکردنی سیستەمەکانی بیناسازی کە ئێستا هەن و ئەوانەی کە لە سەرەتای هەزارەی سێیەمدا لە هەمان ناوچەدا هەبوون، هەر بۆیە بە هەبوونی یارمەتی لە کۆمپانیا دەرەکییەکان و شارەزایانی ئەم سیستەمانە، دەکرێت ئاڵۆزترین و قورسترین سیستەم جێبەجێ بکرێت؛ پاشان هێزی کاری ناوخۆیی ڕابهێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە وەک ئەوەی پێشتر لە زۆربەی ئەو سیستەمانەدا ڕووی داوە کە ئێستا هیچ بینایەکی مۆدێرن لێی بێبەش نییە.

هەر وەک پێشتر ئاماژە پێ کرا، بە بەکارهێنانی توێژینەوە و تاقیکردنەوە زانستییەکان دەتوانرێت وەڵامی پرسیارە کردارییەکان بدرێتەوە. بۆیە ”شۆک“ لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بە زنجیرەیەک ڤیدیۆ وەڵامی پرسیاری سێیەمی داوەتەوە. ئەم گرتە ڤیدیۆیییانە تاقیکردنەوەی پراکتیکین کە لەناو دوو ژووری تەنیشت یەکتردا ئەنجام دەدرێن. یەکێکیان پەیژەی تێدایە و ئامێرێک کە جووڵەی هەنگاوەکانی مرۆڤ ھاوشێوە دەکات لەسەر پایەکانی ئەو پەیژەدا و ژووری دووەمی تەنیشتی هەستەوەرێکی تێدایە بۆ خوێندنەوەی چڕیی دەنگەکە یان ژاوەژاوەکە. لە ڤیدیۆی یەکەمدا، چڕیی دەنگەکە دەپێورێت بە هەبوونی پەیژەی کۆنکریتی ئاسایی بەبێ بەکارهێنانی هیچ جۆرە دابڕێک. خوێندنەوەکانیش ئاماژەن بۆ بوونی دەنگێکی (٦٨) دیسیبێڵ کە بە ئاستێکی بەرز و نائارام دادەنرێت بۆ شوێنی نیشتەجێبوون. سەبارەت بە ڤیدیۆی دووەم، خوێندنەوەکە بۆ (٣٦) دیسیبڵ دادەبەزێت لەگەڵ هەبوونی هەمان ئەو بارودۆخە و ئەو ئامێرەی کە هەنگاوەکان ھاوشێوە دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی  پەیژەکە بەتەواوی لە ڕێگەی سیستەمی ”ترۆنسۆڵ“ دابڕ کراوە . بەم شێوەیە ئەو جیاوازییەی کە وردەکارییە بچووکەکان لە بیناسازیدا دروستی دەکەن، هەست پێ دەکرێت.


سەبارەت بە دوا پرسیاریش، بە بیرکردنەوەیەکی لۆژیکی دەتوانرێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدرێتەوە کە سەبارەت بە ئەگەری چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە شێواز یان لە سیستەمی تردا، وەڵامەکە بەدڵنیایییەوە بەڵێیە! ئێمە لە سەردەمی گەشەسەندنی خێرا و تەکنۆلۆژیادا دەژین و ڕەنگە سەدان چارەسەر بدۆزرێنەوە بۆ هەر کێشەیەک کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، بەڵام دەبێت بزانین کە چارەسەرەکان لە لێکۆڵینەوە و زانینی کێشەکەدا دێن. ئەم سیستەمە هەوڵ دەدات کێشەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ورد چارەسەر بکات بە جیاکردنەوەی ئەو خاڵانەی پێوەندیی لەرزینەکان لەناو بیناکەدا دەگوازنەوە، بۆیە جیاوازییەکە زۆر هەستی پێ دەکرێت. وە بۆیە هەر چارەسەرێک کە هەبێت یان لە داهاتوودا بەردەست بێت، دەبێت سەرنجی لەسەر جیاکردنەوەی کەرەستەی بیناسازی یان پارچەکانی بینا بێت بۆ دڵنیابوون لە کەمبوونەوەی گواستنەوەی لەرزین.

 لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە تەلارسازی یەکێکە لە گشتگیرترین بەشەکانی ئەندازیاری کە تێیدا بڕیار لەسەر پلاندانان و فراوانکردنی تەواوی شارەکان دەدرێت؛ لە هەمان کاتیشدا تیشک دەخرێتە سەر بچووکترین وردەکارییەکان کە ڕەنگە گرنگییان پێ نەدرێ لەلایەن کەسانی ئاسایی، بەڵام وەک لە سەرەتای بابەتەکەدا باس کرا: ”شەیتان لە وردەکارییەکاندایە.“ کاتێک کە پشتگوێ دەخرێن، کێشە شاراوەکان ڕوون دەبنەوە و سەر هەڵدەدەن، هەر وەک لە تاقیکردنەوەکانی پێشوودا دەرکەوت. ڕەنگە بەراوردێکی دوور و نادادپەروەرانە بێت، بەڵام شایەنی باسکردنە کە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ژیان لە خانوویەکی جوان و جیاوازدا وەک ”ڤێلای فۆڵینگواتەر Fallingwater villa“ کە لەلایەن یەکێک لە ئایکۆنەکانی تەلارسازییەوە دیزاین کراوە کە تەلارسازی ئەمریکی بەناوبانگ ”فرانک لۆید ڕایت“ـــە، ئەوە بێت کە دەنگی ئاوی ڕژاوە لە تاڤگەی ناو ماڵەکەوە دێت، ئەمەش وای کردووە دانیشتووانەکەی بەرگەی مانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ماڵەکەدا نەگرن لەگەڵ هەبوونی هەموو توخمە تەلارسازییە جوانەکان و ژینگە سەرنجڕاکێشەکەی دەوروبەری. ئەو کێشانەی کە لە وردەکارییە بچووکەکاندا دەدۆزرێنەوە ڕەنگە گەورە بێزارکەر بن بۆ ژیان لە هەر شوێنێکدا، لەگەڵ هەموو ئەو توخمانەی تر کە پێوەندییان بە ئارامی و ئاسوودەیییەوە هەیە. 

بۆ ئاشنابوون بە وردەکاریی زیاتر دەربارەی سیستەمەکە و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی لەسەر زەوی، دەتوانرێت لە ماڵپەڕی فەرمیی کۆمپانیایەکەدا بدۆزرێتەوە:


م. کارۆڵ کامل توما

مامۆستا لە بەشی تەلارسازی، کۆلێژی ئەندازیاری، زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر

 

 

 

١- ”المصعد الكهربائي“

٢- سەحن، ”Landing“

٣- ”Concrete slab“

٤- دیسیبێڵ یەکەی ئاستی توندیی دەنگە.

٥- عەزل، ”Insulation“

 

 
 
 

Comments


Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
bottom of page