top of page
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg

دەروونناسی و تەلارسازی


هەر وەک ئاشکرایە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دیزاینی تەلارسازی، ئاسوودەبوونی مرۆڤە. واتە ئەگەر بمانەوێت دیزاینەکەمان سەرکەوتوو بێت، ئاسوودەیی ببەخشێت بە بەکارهێنەران، باشتر وایە سەرەتا شارەزایییەکی تەواومان هەبێت لە دەروونی مرۆڤ. بزانین مرۆڤ چۆن ئاسوودە دەبێت؟ چۆنیش ئاسوودەییی دەشێوێت؟ هەرچەندە پێوەندیی دیزاین و دەروونی مرۆڤ بابەتێکی قووڵە و ڕۆڵێکی بەرچاویشی هەیە لە دیزاین، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە ناوەندەکانی خوێندنی تەلارسازی و دیزاین، کەمتر گرنگی بە وانەی دەروونی دەدرێت؛ یان لەوانەیە هەر نەبێت. ئەمەش ناهاوسەنگییەک دروست دەکات لە زانیارییەکانی تەلارساز. لە لایەک زانیاریی زۆری هەیە لە بنەماکانی دیزاین و قوتابخانە تەلارسازییەکان و، ستانداردە جیهانییەکان، لە لایەکی تر زانیاریی زۆر زۆر کەمە لەسەر بابەتە دەروونییەکان و ئاسوودەییی بەکارهێنەرانی دیزاینەکە. ئەم ناهاوسەنگییە دەبێتە هۆکارێک قوتابیی تەلارسازی یان دەرچووی تەلارسازی متمانە بەو دیزاینەی خۆی نەکات و لە زۆر حاڵەت پەنا بۆ دیزاینێکی ئامادەکراو ببات؛ جا هەندێک دەستکاریی دەکات یان چەند دیزاینێک تێکەڵ دەکات و دیزاینێکی نوێ بەرهەم دەهێنێت.بۆیە ئەگەر بکرێت لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی بابەتە دەروونییەکان بخوێنێت و شارەزا بێت لەو بوارە، لە خاڵی کۆنسێپتەوە تا کۆتایی، لایەنە دەروونییەکان لەبەرچاو دەگرێت. بەمەش دیزاینەکە سەنگی تایبەتیی خۆی دەبێت و دیزاینەرەکە دەتوانێت بە متمانەوە لێی بدوێت و ڕوونی بکاتەوە؛ چونکە ئەو دیزاینانەی لایەنە دەروونییەکان لەبەرچاو دەگرن، تەمەنیان درێژترە.بەڵام، ئایا مرۆڤ چۆن ئاسوودە دەبێت؟ دەرچەکانی چوونەژوورەوەی ئاسوودەیی بۆ ناخی مرۆڤ بریتین لە پێنج هەستەوەرەکانی مرۆڤ. ئەگەر دیزاینەر بتوانێت ئەو پێنج دەرچەیە کۆنترۆڵ بکات، تا ڕادەیەکی باش دەتوانێت ئاسوودەیی ببەخشێتە بەکارهێنەران. ئەگەر دیزاینی باڵەخانەکان بشوبهێنین بە کچێکی شۆخ‌وشەنگ، کاتێک ئەو کچە دەبینی وا هەست دەکەیت ئاسوودەیی دەبەخشێت؛ بەڵام کە تێکەڵاوی دەبیت و دەیدوێنیت، هەندێک جار تەنیا بە قسەیەکی کورت بۆت دەردەکەوێت ئەم کچە ئاسوودەبەخش نییە. بە هەمان شێوە بۆ دیزاین، زۆر جار دیزاینەر هەوڵی زۆر دەدات دیزاینێکی جوان و ئاسوودەبەخش بکات؛ بەڵام دەبینی لە گۆشەیەک شتێک هەیە وەکوو قسە ناخۆشەکەی کچە، ئاسوودەییی بەکارهێنەرەکە دەشێوێنێت و بەکارهێنەر هەست بە نائاسوودەیی دەکات لەو دیزاینە.

هەر ئیلیمێنتێک یاخۆ هەر شێوە و شکڵ و ڕەنگێک کە دیزاینەر بەکاری دەهێنێت، بە شێوەیەک لە شێوەکان گفتوگۆ لەگەڵ بەکارهێنەر دەکەن. ڕۆژانە ئێمە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو شێوانەی دەوروبەرمان دەکەین؛ بۆیە لە هەندێک شوێن ئاسوودە دەبین و لە هەندێک شوێن نائاسوودە. هەمووی بەندە بەو گفتوگۆیانەی بەکارهێنەر لەگەڵ ئیلیمێنتە جیاوازەکان دەیکات؛ کاتێک دیزاینەر دەگاتە ئەم ڕاستییە، بەر لەوەی هێڵێک بکێشێت، بیر لەم گفتوگۆیانە و ئاسوودەییی بەکارهێنەر دەکاتەوە. هەڵبەت، ئەم بیرکردنەوەیەیش دەبێتە بڕیار و ئەو بڕیارەیش پێویستی بە خوێندن و لێکۆڵینەوەی زۆر هەیە.١- هەستی بینین:





 ئەگەر بەکورتی وەک بەرچاوڕوونییەک لە پێوەندیی هەستەوەرەکان و دیزاین بڕوانین، دەبینین لە هەمووی کاریگەرتر هەستی (بینین)ـە. هەر کاتێک دەچیتە ژوورێک یان هۆڵێک، یەکەم شت گفتوگۆت لەگەڵ دەکات هەستی (بینین)ـە. ڕووناکی و ڕەنگ و شێوە ئەندازەیییەکان ڕاستەوخۆ و بەخێرایی کاریگەری لەسەر دەروون دروست دەکەن. بۆ نموونە کە دەچیتە ژوورێکی گەورە، پەنجەرەی گەورە و کراوەی هەبێت، ڕاستەوخۆ هەست بە ئاسوودەیی و ئازادی دەکەیت. لە هەمان کاتدا ئەگەر بچیتە ژوورێکی بچووک و پەنجەرەی بچووکی تێدا بێت و ڕووناکیی پێویستی تێدا نەبێت، هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ و نائاسوودەیی دەکەیت. حەز دەکەیت زوو لەو ژوورە بێیتە دەرەوە. ئەم گفتوگۆیانە لەنێوان دیزاین و چاو ڕوو دەدەن و ئەنجامەکەی بۆ دەروونی مرۆڤەکە دەگوازرێتەوە.گرفتی مێشکی مرۆڤ ئەوەیە کە دەیەوێت لە هەموو ئەو شتانە تێ بگات کە دەیبینێت؛ ئەم هەوڵدانە، دەرەنجامەکەی یان ئاسوودەبەخشە یان بێزارکەرە. بۆ نموونە کە لە ئاسمان سەیری پەڵەهەورێک دەکەیت، ڕاستەوخۆ مێشک هەوڵ دەدات بیگۆڕێت بۆ شێوەیەک یان پیتێک، ژمارەیەک، باڵندەیەک، ئاژەڵێک کە خۆی لێی تێ بگات. بە هەمان شێوە بۆ هەموو ئەو هێڵ و شێوە ئەندازەیییانەی لە دیزاینی تەلارسازی بەکار دەهێنرێن، مێشک لە ڕێگەی چاوەوە وەریان دەگرێت و لێیان دەکۆڵێتەوە. هەریەکەیان جۆرە کاریگەرییەک بەجێ دەهێڵن لەسەر مێشک. بۆ نموونە، بوونی هێڵی خواروخێچ و چەماوە لە دیزاینی ناوەوە وا دەکات مرۆڤ یاخۆ مێشک زیاتر چالاک بن و حەز بە جووڵە و وزە بکەن. لە هەمان کاتدا ئەگەر ئەم جۆرە هێڵانە زۆر بن یان بەناڕێکی دیزاینیان بۆ کرابێت، مرۆڤ یان مێشک هەست بە ناڕەحەتی و ماندووبوون دەکەن و ئاسوودەیی دەشێوێنن. لێرەدا، گرنگیی خوێندنەوەی دەروونی دەردەکەوێت کە پێویستە دیزاینەر پێیان ئاشنا بێت و بزانێت چۆن هاوئاهەنگییەک لەنێوان ئەو هێڵانە و ئاسوودەییی مرۆڤ بسازێنێت.

 

٢- هەستی بیستن:

 دەنگیش کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئاسوودەییمان جگە لەوەی دیزاینەر هەوڵ دەدات دەنگی دەرەوە داببڕێت لە ژوورەوە، بە هەمان شێوە لە ژوورەوەش ڕێکخستنی دەنگەکان پێویستیان بە لێکۆڵینەوە هەیە. هەندێک ماتریاڵ هەن وەک کەرپووچ و دار، لە توانایاندایە دەنگ هەڵمژن و هاوسەنگیی دەنگ ڕابگرن. هەروەها هەندێکی تر وەک: پۆرسەلین و بەرد، شەپۆڵەکانی دەنگ دەشێوێنن و پێویستیان بە چارەسەر هەیە؛ لەم حاڵەتەش دیزاینەر پێویستە شارەزاییی هەبێت لە دەروونی مرۆڤ، دەنگەکان لە یەکتر جیا بکاتەوە و بزانێت کامە تۆنی دەنگ ئاسوودەیی دەبەخشێت و کامەیان ئاسوودەیی دەشێوێنێت؟ لە کام جۆر پرۆژە، کام تۆنی دەنگ پێویستە؟ قوتابخانە و ماڵ و نەخۆشخانە و ئۆپێرا و هۆڵی بۆنەکان و مزگەوت و هتد... هەریەکەیان جۆرە دیزاینێکیان پێویستە بۆ کۆنترۆڵکردنی دەنگەکان.٣- هەستی دەستلێدان (بەرکەوتن)هەموو ئەو ماددانەی لە دیزاین بەکار دەهێنرێن، جۆرە ڕوویەکی تایبەت بە خۆیان هەیە و جۆرە هەستێکی تایبەت دەبەخشن بە مرۆڤ. لێرەیشدا دیزاینەر پێویستە جیاکاری بکات لەنێوان جۆری تێکسچەر و لووسی و زبریی ڕووی ماددەکان و ئەو هەستە لەبەرچاو بگرێت لە کاتی دیزاین. لە هەندێک پرۆژە پێویستە ماددەی ساف و لووس بەکار بهێنرێن وەکوو: ساونا و هەندێک جۆری گەرماو کە ڕاستەوخۆ پێست بەرکەوتەی هەیە لەگەڵ ماددەکانیان.

زبری یان نەرمی دەتوانن هەستی گەرمی یان فێنکی بورووژێنن.بە هەمان شێوە، هەڵبژاردنی قوماش لەسەر مۆبیلیات لە دیزاینی ناوەوە، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر تێڕوانینمان هەبێت بۆ فەزایەک.






قوماشی نەرم، خوری و، ئاوریشم، دەتوانن هەست بە بانگهێشتکردن و ئاسوودەیی زیاتر بکەن؛ لە کاتێکدا چەرم یان کەرەستەی دەستکرد و ڕەنگی بریقەدار، کەمتر هەستی ئاسوودەیی دەبەخشن. یان ئەو ماددانەی لە زەوی بەکار دەهێنرێن کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لەسەر پێستی بنپێ، ئەمانەش جۆرێک لە جۆرەکان ئاسوودەیی دەبەخشن یان ئاسوودەیی دەشێوێنن. بۆ نموونە، نەرمیی فەرش دەتوانێت هەستێکی ئارام و پارێزراو دروست بکات؛ لە کاتێکدا ڕەقیی کاشی یان دار دەتوانێت هەست بە فۆرماڵی و پاکتر بکات . پێویستە دیزاینەر بزانێت لە کوێ بەکاریان دەهێنێت. زۆر جار کانزاکان هەستی فێنکی دەبەخشن، لە کاتێکدا دارەکان زیاتر هەستی گەرمی دەبەخشن. ئەمەش دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ئاسوودەیی و باری دەروونیمان هەبێت، بەتایبەتی لەو دیزاینانەی کە ئەگەری زۆرە بەکارهێنەران بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ڕووکاری جۆراوجۆردا هەبێت.٤- هەستی بۆنکردن و تامکردن هەرچەندە ئەم دوو هەستە کەمتر کاریگەرییان هەیە لە دیزاینی تەلارسازی بەڵام وەکوو دەرچەیەک ڕۆڵیان هەیە لە بەخشینی ئاسوودەیی بە بەکارهێنەر. لە زۆربەی پرۆژەکان بۆنی جۆراوجۆر دروست دەبێت. دیزاینەر چۆن کۆنترۆڵیان دەکات؟ ڕەنگە دیزاینێک لە هەموو ڕوویەکەوە گونجاو بێت بەڵام بۆنی حەمام بێتە ژوورەوە، ئەوکات ئەو بۆنە، بەتەواوی ئاسوودەیی دەشێوێنێت. بە هەمان شێوە بۆ تامکردن، هەندێک جار لە دیزاینی چێشتخانەکان، جۆرە ڕەنگێک یان جۆرە ماددەیەک بەکار دەهێنرێت؛ ڕاستەوخۆ کاریگەری دروست دەکات لەسەر تامی خواردنەکان و ئارەزووی خواردن زیاتر دەکات. ئێمە لە سەردەمێکی ئاڵۆزی دەروونی دەژین. مرۆڤی ئێستا، لە جاران زیاتر پێویستی بە ئاسوودەیی هەیە. لە زۆر لاوە مرۆڤ بەرکەوتەی لەگەڵ ئاڵۆزییەکان دەبێت و لە ئەنجامدا دەروونی دەشێوێت. لێرەدا ڕۆڵی دیزاینەر زیاتر دەردەکەوێت کە چۆن بتوانێت لەناو ئەو هەمووە ئاڵۆزییە، مرۆڤ ئاسوودە بکات. ئەوەی گرنگە، دیزاینەر هۆشیاریی هەبێت ئاسوودەیی لە گۆڕاندایە؛ ڕەنگە هەندێک شت ئێستا ئاسوودەبەخش بن، دوای چەند ساڵێک ئەو ئاسوودەیییە نەبەخشن. هەر بۆیە ستایلەکانی دیزاین و گۆڕانکارییەکانی دیزاین، زۆر بەخێرایی لە گۆڕاندان.

 


نووسینی: ڕێبوار ئازاد.



 
 
 

Comments


Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
Khan Magazine 3_page-0059.jpg
bottom of page