ڕەنگ چییە؟ چۆن بە شێوەیەکی زانستییانە ڕەنگەکان لەگەڵ یەکتر ڕێک بخەین؟
- KHAN MAGAZINE
- Mar 27
- 5 min read
لە ساڵی ١٦٦٥ زانای ناسراو ”ئیسحاق نیووتن“ یەکەم کەس بوو سەلماندی کە ڕەنگ پیشەی ڕووناکییە؛ واتە بەهۆی ڕووناکییەوە بەدیار دەکەوێت. نیووتن وتی: ”ڕەنگی سپی بەشێکە لە سروشتی تیشکی خۆر.“ بۆ سەلماندنی، تاقیکردنەوەکەی تیشکی خۆری بە پریزمایەک تێ پەڕاند لە ئەنجامدا حەوت ڕەنگی سەرەتاییی دەستنیشان کرد کە ئەوانیش بریتی بوون لە سوور؛ پرتەقاڵی؛ زەرد؛ سەوز؛ شین؛ نیلی؛ مۆر. کەواتە ڕەنگ لەسەر بنەمای ڕووناکی دروست دەبێت. ڕەنگ بە یەکێک لە پێداویستییە سەرەتایی و سەرەکییەکانی دیزاینکردن هەژمار دەکرێت شانبەشان لەگەڵ ئیلیمێنتەکانی وەکوو ڕاستەهێڵ؛ شـێوەی ئەندازەیی؛ فۆرم؛ بۆشایی؛ تێکستایل.
بەها لە ڕووی سایکۆڵۆژیاوە: ڕەنگ توانای ڕەنگدانەوەی هەستی جیاوازی هەیە لەسەر بینەر. ڕەنگ لە تەلارسازی ڕۆڵێکی سەرەکیی هەیە لەسەر دیزاینی ناوەوە و ڕووکاری دەرەوەی تەلار و خانووەکان. لەم وتارەدا، سەرنج دەخەینە سەر ئەو دەستەواژە زانستییانەی کە هەر ئەندازیارێک پێویستە بیزانێت لە کاتی دەستنیشانکردنی ڕەنگ لە دیزاینەکاندا. هەروەها لەسەر بنەمای تیۆریی چەرخی بازنەییی ڕەنگەکان بۆ بەدەستهێنانی ڕەنگە لێکچووەکان یاخۆ ڕەنگە جیاوازەکان چەند شێوازێکی هەڵبژاردنی ڕەنگەکان دەخەینە ڕوو.
بۆ ئاسانکردنی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەندازیاران و بەکارهێنەرانی ڕەنگ، خوێنەران لەگەڵ هەندێک دەستەواژە ئاشنا دەکەین.
· تینت١:
واتە زیادکردنی سپی بۆ بەهای ڕاستەقینەی ڕەنگەکە. وەک لەو نموونە ڕوون کراوەتەوە، هەرچەندە سپی زیاد بکرێت، ڕەنگەکە کاڵتر دەبێتەوە:
· شەید٢:
واتە زیادکردنی ڕەش بۆ بەهای ڕاستەقینەی ڕەنگەکە. وەک لەو نموونە ڕوون کراوەتەوە، هەرچەندە ڕەش زیاد بکرێت، ڕەنگەکە تاریکتر دەبێتەوە:
· تۆن٣:
واتە زیادکردنی ڕەنگی خۆڵەمێشی بۆ بەهای ڕاستەقینەی ڕەنگەکە. ڕادەی نزیکبوونی ڕەنگەکە لە خۆڵەمێشی زیاتر دەبێت. وەک ئەم شێوەیەی خوارەوە:
· ڕەنگی تێر٤:
واتە ڕێژەی ڕوونی و تێریی ڕەنگێک لە ڕەنگەکان بەبێ تێکەڵکردنی ڕەنگەکان لەگەڵ سپی، ڕەش، یان خۆڵەمێشی. وەک ئەم شێوەیەی خوارەوە:
بۆ ئەوەی ڕەنگی ڕووکاری دەرەوە و دیوی ناوەوەی ماڵەکانمان و باڵەخانەکانمان بە شێوەیەکی گونجاو و زانستییانە ڕێک بخەین، پێویستە چەند بنەمایەک بزانین بۆ بەکارهێنانی ڕەنگەکان و تێکەڵکردنیان لەگەڵ یەکتر. ئەوانەش هەندێک لەو ڕێگایانەن:
١- بەکارهێنانی سێ ڕەنگ:
لە تەلارسازی کاتێک سێ ڕەنگ بەیەکەوە بەکار دەهێنین، ئەوا ڕەنگێکیان پێی دەوترێت ڕەنگی زاڵ٥. لەم حاڵەتەدا زۆرترین ڕووبەری شوێنەکە بەم ڕەنگە ڕووپۆش دەکرێت. ڕەنگی دووەمیان —کە پێی دەوترێت نیمچەزاڵ٦— بە ڕێژەیەکی کەمتر لە ڕەنگی سەرەکیی یەکەم بەکار دێت. ئەمەیان یان تەواوکەری ڕەنگی سەرەکیی یەکەم دەبێت، یاخۆ پێچەوانەی دەبێت. ڕەنگی سێیەم (ئەکسێنت)٧ بەکار دێت بۆ مەبەستی زیاتر پێشاندانی ئەو شوێنانەی کە دیزاینەر دەیەوێت پێشانی بینەر بدات. بۆ نموونە لە ڕێگای تابلۆیەکەوە بێت، یان لە ڕێگای ئیلیمێنتێکی جوانکارییەوە.
لێرەدا لەم وێنەیەدا ڕەنگی سپی بۆ هەردەکە٨ و ڕەنگی شین بۆ دیوارەکان بەکار هاتووە وەکوو دوو ڕەنگی سەرەکی، بەڵام بە ڕێژەی جیاواز. بەڵام ڕەنگی زەرد تەنیا لەو شوێنانە بەکار هاتووە کە دیزاینەرەکە ویستوویەتی گرنگیی پێ بدات و زیاتر سەرنجی بینەر ڕابکێشێت.
٢- مۆنۆکرۆمیک:
ئاسانترین شێوازی هەڵبژاردنی کۆمەڵەی پێکهاتەی ڕەنگە لە دیزاینکردندا. لێرەدا تەنیا یەک ڕەنگ هەڵدەبژێرین بەڵام تینت و شەیدی ڕەنگەکە دەگۆڕین وەک لە وێنەکەدا دیارە، مۆنۆکرۆمیک یەکێکە لە ڕێگایەکانی هەڵبژاردنی ڕەنگی لێکچووەکان. لەم شێوازەدا یەکسانییەک لە بینین بەدی دەکرێت لەلایەن بینەرانەوە.
لەم دیزاینی ڕەنگە وەکوو دیارە، ڕەنگی شین هەڵبژێردراوە بە تینت و شەیدی جیاواز. بەهای ڕاستەقینەی ڕەنگەکە لە شوێن دانیشتنەکانەوە بەدی دەکرێت. بۆ دیوارەکان ڕەنگی سپی زیاد کراوە بۆ ڕەنگە شینەکە بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر لەوەی بۆ هەردەکە بەکار هاتووە. بەڵام بۆ شوێنی ئاگردانەکە، ڕەنگی رەش زیاد کراوە بۆ ڕەنگی شین بەو شێوەیە شەیدی ڕەنگەکە گۆڕاوە و تۆختر خۆی پێشان دەدات.
٣- شێوازی ئەنالۆگ:
لەم شێوازە (٣-٤) ڕەنگ لەتەنیشت یەکتر هەڵدەبژێردرێن لە بازنەی ڕەنگەکان. لێرەدا ڕەنگەکان بە شێوەیەکی یەکگرتوو و هارمۆنی واتە لێک نزیک دەردەکەون چونکە سێ ڕەنگەکە لەدوای یەکترن. دەبێت ئاگادار بین لەوەی کە ڕەنگێکیان تۆزێک جیاواز بێت بۆ ئەوەی بتوانرێت جیاوازی بکرێت لەنێوان پێکهاتە فیزیایییەکان و مۆبیلیات و کەلوپەلە جوانکارییەکانی شوێنەکە. لێرەدا ڕەنگێکی سەرەکی دەبێت و ڕەنگەکانی تر یارمەتیدەر دەبن بۆی.
بۆ نموونە لێرەدا وەک دەبینین لەم ژوورەدا سێ ڕەنگ لەتەنیشت یەک بەکار هاتوون ئەوانیش سوور و نارنجی و هەروەها ڕەنگی سێیەم کە لە یەکگرتنی ڕەنگی سوور و نارنجی پێک هاتووە. لێرەدا ڕەنگەکان بە بەهای ڕاستەقینەی خۆیان بەکار هاتوون بەڵام دەتوانین سپی یان ڕەش یان خۆڵەمێشی لەگەڵ ڕەنگەکان بەکار بهێنین بۆ ئەوەی تاریکتر یان ڕوونتر بەدیار بکەون.
٤- شێوازی کۆمپلیمێنتەری:
لێرەدا ئەو ڕەنگانە هەڵدەبژێردرێن کە ڕێک دەکەونە بەرانبەر یەکتر لە بازنەی ڕەنگەکان، بەم جۆرەیش لە ڕووناکی و هێزی یەکتر کەم دەکەنەوە لە کاتی بەکارهێنانی ڕەنگەکان بەم شێوازە لەبەر ئەوەی دوو ڕەنگی جیاوازن بەڵام تەواوکەری یەکترن؛ بۆیە پالێتی ڕەنگەکە گەشاوەتر و سەرنجڕاکێشتر دەردەکەوێت. هەریەک لە ڕەنگەکان دەتوانرێت تێبینی بکرێت بەئاسانی بێ ئەوەی ڕەنگەکەی تر کاری لێ بکات. دەتوانین بڵێین ڕەنگی گەرم لەگەڵ ڕەنگی سارد بەکار دێت.
لە دیزاینی ڕەنگی ناوەوەی ئەم ژووری دانیشتنە وەک دەبینین لە دوو ڕەنگی بەرانبەر یەک پێک هاتووە کە ئەوانیش رەنگی زەرد و مۆرن. لە کاتی بەکارهێنانی هەر ڕەنگێک دەتوانین دەستکاریی تۆن و تینت و شەیدی ڕەنگەکە بکەین بۆ ئەوەی ڕەنگەکان زەق نەبن.
٥- شێوازی سپلیت-کۆمپلیمێنتەری:
لێرەدا دوو ڕەنگی تەنیشت ڕەنگی کۆمپلیمێنتەریی بەرانبەر هەڵدەبژێرین. جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ڕەنگەکان بەدی دەکرێت بەڵام ڕێژەکەی کەمترە لە شێوازی کۆمپلیمێنتەری؛ چونکە هەوڵی بەکارهێنانی رەنگێکی تر هەیە. لێرەدا باشتر وایە ڕەنگێکی گەرم لەگەڵ دوو ڕەنگی سارد بەکار بێت. وەک لەم وێنەیەدا دیارە یەکێک لە ڕەنگەکان بە ڕێژەیەکی زیاتر لە ڕەنگەکانی تر بەکار هاتووە ئەویش ڕەنگی شینە کە وەک ڕەنگێکی سەرەکی خۆی پێشان دەدات. لە کاتێکدا ڕەنگی مۆر بە پلەی دووەم دێت؛ ڕەنگی زەرد بە پلەی سێیەم.
٦- شێوازی سێگۆشەیی:
لە بازنەی ڕەنگەکان سێ ڕەنگ هەڵدەبژێرین کە هەمان دوورییان هەیە لە یەکتر. لێرەدا لە یەکسانیی ڕەنگەکان نزیک دەبینەوە. بۆ باشترین ئەنجام دەتوانین ڕەنگێکی سەرەکی لەگەڵ دوو ڕەنگی لاوەکی هەڵبژێرین. ئەم شێوازە یەکێکە لە هەڵبژاردە باشەکان بۆ ژووری منداڵان؛ چونکە جیاوازیی ڕەنگەکان ژیانەوە دەبەخشێتە ژوورەکە.
لەم نموونەیەدا دەردەکەوێت کە ڕەنگی نارنجی زاڵە بەسەر دوو ڕەنگەکەی تردا کە ئەوانیش بریتین لە: ڕەنگی مۆر؛ سەوز.
٧- دەبڵ-کۆمپلیمێنتەری بە شێوازی لاکێشەیی:
بۆ بەدەستهێنانی ئەم شێوازە چوار ڕەنگ هەڵدەبژێرین لە بازنەی ڕەنگەکان کە یەک ڕەنگ دەکەوێتە نێوانیان. دەوڵەمەندترین شێوازی هەڵبژاردنی ڕەنگ هەژمار دەکرێت چونکە ڕێگە دەدات بە بەکارهێنانی چوار ڕەنگ. دەبێت زۆر وریا بین لە کاتی بەکارهێنانی ڕەنگەکان لەگەڵ یەکتر لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی شڵەژان و تێکچوونی دیمەنی ژوورەکە لەلایەن بینەرانەوە.
٨- دەبڵ-کۆمپلیمێننتەری بە شێوازی چوارگۆشەیی:
ئەمەیان وەک شێوازی پێشووترە لە چوار ڕەنگ پێک دێت؛ بەڵام دوو ڕەنگ دەکەوێتە نێوان ڕەنگەکان لە بازنەی ڕەنگ. پێویستە ڕێژەی بەکارهێنانی ڕەنگەکان بەوریایی ڕەچاو بکرێت. دەتوانرێت ڕەنگێکی سارد و ڕەنگێکی گەرم وەک دوو ڕەنگی سەرەکی بەکار بهێنرێن. ڕەنگەکانی تر دەکرێت لە ئامرازە جوانکارییەکانی خۆیان پێشان بدەن وەک لەم وێنەیە دیارە کە ڕەنگی سوور تەنیا لە فەرشەکە و لە مۆمدانێکدا بەکار هاتووە رەنگە سەوزەکە لە تابلۆکە بەدەر کەوتووە.
٩- شێوازی ڕەنگی سروشتی:
ئەم کۆمەڵەی ڕەنگە هەندێک جار بە کۆمەڵە ڕەنگی زەوی ناو دەبرێن. لەبەر ئەوەی لە ڕەنگی سروشتی دەچن کە بریتین لە: قاوەیی؛ خۆڵەمێشی؛ سپی؛ ڕەش. دەتوانین جوانیی کەلوپەلی ناوماڵ بەدەر بخەین لە ڕێگای بەکارهێنانی ڕەنگێکی سروشتیی سادە بۆ دیوارەکان و زەوی. زۆر جار دیزاینەرەکان ئەم شێوازە لەگەڵ شێوازەکانی پێشووتر بەکار دەهێنن. بۆ نموونە لە ڕێگای تابلۆیەکی ڕەنگاوڕەنگ، یان فەرشێکی ڕەنگاوڕەنگ، یان کەلوپەلی جوانکاری.
ئامانج لە نووسینی ئەم وتارە ئەوەیە خەڵک ئاشنا بن لەگەڵ چۆنیەتیی بەکارهێنانی ڕەنگەکان لەگەڵ یەکتر.
ڕەنگ کاریگەریی سەرەکیی هەیە لەسەر دەروون و میزاجی خەڵک. بۆیە تەمەن و شوێن دوو لە کاریگەرترین فاکتەرن کە شێوازی ڕەنگ دیاری دەکەن. ئەو شوێنانەی کە زیاتر گەنج و منداڵ بەکاریان دەهێنن ڕەنگاوڕەنگترن لەو شوێنانەی کە بەتەمەنەکان بە کاریان دەهێنن. پێویستە ئەوە بزانین ئەو ڕەنگانەی کە لە بازنەی ڕەنگ دیاری کراون مەرج نییە بە هەمان شێوە بەکاریان بهێنین بەڵکوو هەر ڕەنگێک لەوانە خێزانێکی هەیە. ئەو خێزانی ڕەنگەیش لە ڕێگای تێکەڵکردنی ڕەش و سپی و خۆڵەمێشی دەبێت، کە وا دەکەن ڕەنگەکە تاریکتر، یان کاڵتر خۆی بەدەر بخات.
١- “Tint”
٢- “Shade”
٣- “Tone”
٤- “Saturation”
٥- “Dominant”
٦- “Sub-Dominant”
٧- “Accent”
٧- زەوی، عەرز
م. فاتن، تەلارسازی، کۆلێژی ئەندازیاری، زانکۆی سەڵاحەددین-هەولێر
Comments