مۆزەخانەی دوورگەی زانست
- KHAN MAGAZINE

- Feb 15
- 2 min read
Updated: Feb 18
مۆزەخانەی دوورگەی زانست؛
لە دڵی شاری کاوناس و لە کەنارە ئارامەکانی وڵاتی لیتوانیا، ستۆدیۆی ئێس ئێم ئەی ئاڕ مۆزەخانەیەکی خوڵقاندووە کە لە قاڵبی وشکی بینا دەرچووە؛ ئەم مۆزەخانەیە "دەفرێکی بێدەنگ" نییە بۆ پاراستنی مێژوو، بەڵکوو "سیستەمێکی زیندووە" کە پڕ بە سییەکانی زانست هەناسە دەدات. لێرەدا، تەلارسازی وەک ڕووبارێکی ڕژاو و بێکۆتا وێنا کراوە؛ بە جۆرێک کە چەمکە ژمێرکارییەکان (Parametric) بوونەتە هەوێنی خوڵقاندنی فەزایەک کە تێیدا سنوورەکانی نێوان تەن و بۆشایی ون دەبن.
کاتێک پێ دەنێیتە نێو ئەم مەکۆیە، ئەندازەی دیوار و فەزاکان ڕێک وەک "چیرۆکی دۆزینەوە" دەدوێن. جارێک فەزا چڕ دەبێتەوە و لەباوەشت دەگرێت، وەک ئەو ساتەی زانا لە بەردەم گرێکوێرەیەکدا ڕادەمێنێت؛ جارێکی تریش باڵی بۆشایی دەکرێتەوە و ڕووناکی دەڕژێت، وەک ئەو چرکەساتەی کە ڕاستییەک دەدرەوشێتەوە و پەردە لەسەر نەزانین لا دەچێت. لێرەدا تەلارسازی تەنیا "پەیامبەر" نییە، بەڵکوو خۆی "پەیامەکەیە"؛ فۆرمەکان لێرەدا بۆ جوانی نەڕازاونەتەوە، بەڵکوو جەستەیەکن بۆ ڕۆحی کونجکۆڵی.


تەلارسازی و ڕازی چەمکەکان:
ئاوێتەبوون لەگەڵ نیشتمانی خاک: ئەم بینایە لە زەوی جیا نەبووەتەوە، بەڵکوو لە ئامێزی تۆپۆگرافیای دوورگەی نێموناسدا نوستووە. لە بری ئەوەی بەسەر سروشتدا زاڵ بێت، سەری بۆ زەوی دانەواندووە و بووەتە بەشێک لە ڕوخساری پارکەکە؛ بە جۆرێک کە سنووری نێوان دەستی مرۆڤ و دەستی سروشت تەڵخ دەبێت.
سەقفی گشتی؛ ئاسۆیەکی کراوە: سەقفی مۆزەخانەکە بووەتە باخچەیەکی پیاسە، سەکۆیەکە کە تێیدا مرۆڤ و گیا و ڕووناکی بەیەک دەگەن. ئەو دەرچە بازنەیییانەی لەسەر سەقفی پارکن، وەک "چاوەکانی زەوی" وان کە تیشکی خۆر بۆ قووڵاییی مەعریفە ڕادەکێشن.
هاوسەنگی لەگەڵ سروشت: ئەم تەلارە لە باوەشی خاکدا گەرمی و ساردیی خۆی ڕێک دەخات، وەک ئەوەی بیەوێت کەمترین ئازار بە ژینگە بگەیەنێت. پانێڵە خۆرییەکان و ڕووەکە چێنراوەکان، مۆزەخانەکەیان کردووەتە پارێزەرێکی دڵسۆزی جیهانی زیندوو.
خۆری نوێ؛ هێمایەک بۆ نەبڕانەوە: لەوپەڕی بەرزیی مۆزەخانەکەدا، دیسکێکی ئاوێنەیی لەرەوەر جێگیر کراوە کە پێی دەڵێن "خۆری نوێ". ئەم پارچە درەوشاوەیە لە ڕۆژدا تیشکی ئاسمان ڕەنگ دەداتەوە و لە شەودا وەک چرایەکی ڕێڕۆشنکەر دەدرەوشێتەوە؛ ئەمە بەڵێننامەیەکە کە دەڵێت: "گەڕانی مرۆڤ بەدوای زانستدا، هەرگیز ئاوابوونی نییە."

















Comments